نێچیرڤان بارزانی رێككه‌وتنه نه‌وتییه‌كه له‌گه‌ڵ رۆزنه‌فت رونده‌كاته‌وه
- Admin
- Jun 6, 2017
- 1 min read

نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رونكردنه‌وه له‌باره‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ كۆمپانیای رۆزنه‌فتی روسی ده‌دات. نێچیرڤان بارزانی ئه‌مڕۆ له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، دوای رێككه‌وتنه‌كانیان له‌گه‌ڵ رۆزنه‌فت روبه‌ڕووی هه‌ڵمه‌تێكی دژایه‌تی بوونه‌ته‌وه، بۆیه به پێویستی زانیوه كه له‌باره‌ی ئه‌و پرسه‌وه چه‌ند
پرسێك روونبكاته‌وه. وتیشی ئه‌وان یاداشتێكی لێكتێگه‌یشتنیان له‌گه‌ڵ رۆزنه‌فت ئیمزاكردووه كه له‌سه‌دا په‌نجای له‌لایه‌ن روسیاوه خاوه‌نداری ده‌كرێت. نێچیرڤان بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، یاداشته‌كه چه‌ند بوارێك له خۆده‌گرێت و ئه‌و كۆمپانیایه كاری وه‌به‌رهێنان ده‌كات په‌ره به كێڵگه‌كان و ژێرخانی ئابوری هه‌رێم ده‌دات. ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه دوای چوار بۆ سێ مانگ ده‌توانن پێی بڵێن ئه‌م عه‌قده ده‌كه‌وێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، كه بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ كۆمپانیاكه نه‌وت له‌هه‌رێم ده‌كڕێت. نێچیرڤان بارزانی باسی له‌وه‌شكرد، به‌پێی یاداشته‌كه هه‌رێمی كوردستان بۆ یه‌كه‌مجار نه‌وت ده‌فرۆشێت به كۆمپانیاكان، له كاتێكدا تا ئێستا به بازرگانه‌كان ده‌یانفرۆشت. له‌باره‌ی پێویستی په‌سه‌ندكردنی رێككه‌وتنه‌كان له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم وتی كه به‌پێی یاسای نه‌وت و گازی ساڵی 2007 په‌رله‌مان ئه‌نجومه‌نێكی دامه‌زراندووه‌و ده‌سه‌ڵاتی پێداوه له‌و بواره‌دا، "بۆیه له‌رووی یاساییه‌وه هیچ كێشه‌یه‌كمان نییه". "هه‌رێمی كوردستان به بایه‌خه‌وه له‌م پرسه ده‌ڕوانێت و ئه‌م رێككه‌وتنه‌ش سه‌ره‌تایه‌كی نوێیه بۆ دروستكردنی متمانه به بازاڕی كوردستان"، نێچیرڤان بارزانی وايوت. نێچیرڤان بارزانی ده‌ڵێت رێككه‌وتنه‌كه دروستكردنی بۆری نوێی نه‌وت ناگرێته‌وه، به‌ڵكو هه‌ر بۆرییه‌كه‌ی ئێستایه كه توانای نزیكه‌ی 700 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی هه‌یه. له‌باره‌ی سه‌ردانی بۆ به‌غدا، نێچیرڤان بارزانی رایگه‌یاند ئه‌وان ئاماده‌ن بۆ سه‌ردان و ئه‌وله‌ویه‌تی ئه‌وان ئه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ به‌غدا بگه‌نه چاره‌سه‌ر، به‌ڵام هێشتا كاتی سه‌ردانیان بۆ به‌غدا دیارینه‌كراوه.
Komentar