بزووتنەوەی گۆڕان: نابێت ریفراندۆم بكرێت بەپاساو بۆ دواخستنی هەڵبژاردن
- Admin
- Jun 10, 2017
- 1 min read

بزووتنەوەی گۆڕان ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند نابێت ریفراندۆم بكرێت بەپاساو بۆ دواخستنی هەڵبژاردن. ئەمڕۆ جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان لەشاری سلێمانی و لەمەكۆی سەرەكی بزووتنەوەكە كۆبوونەوە، دوای كۆبوونەوەكەش "شۆڕش حاجی" ووتەبێژی بزووتنەوەكە بەلاغی كۆتایی كۆبوونەوەكەی خوێندەوە. بەپێی ئەو بەلاغەی شۆڕش حاجی خوێندییەوە بزووتنەوەی گۆڕان جەختی لەوەكردووە كە "نابێت ریفراندۆم بۆ تێپەڕاندنی داهاتی نەوت و گرێبەستە گوماناوییەكان بەكاربهێنرێت كە گرێبەستەكەی رۆسنەفت دواهەمینیانە و پێویستە چاكسازیی ریشەیی لە بواری داراییدا بكرێت"، ووتیشی"جەخت لە سەروەری یاسا دەكەینەوە و كار بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆیی كوردستان دەكەین كە یاسا تێیدا سەروەر بێت". لەبەشێكی تری بەلاغەكەدا كە شۆڕش حاجی خوێندییەوە ئاماژە بەوەكراوە" كە پێویستە كۆتایی بەقۆرغكاری بهێندرێت و ئەو پرۆسەیەی پارتی و هاوئاوازەكانی دەستیان پێكردووە پرۆسەیەكی حزبی و نا یاساییە "و جەختیش لەسەر" پرەنسیپە بنچینەییەكانی بزووتنەوەی گۆڕان كراوەتەوە". "نابێت پرسی ریفراندۆم بۆ بەرژەوەندی شەخسی و حزبی بەكاربهنرێت و بكرێتە دەستكەوتی تاكە حزب و تاكە بنەماڵە و تاكە كەس" شۆرش حاجی لەكاتی خوێندنەوەی بەلاغی كۆتایی كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان وای ووت. شۆڕش حاجی ووتیشی "درێژە بە هەوڵەكانی رێبازی نەوشیروان مستەفا بۆ دەوڵەتێكی سەربەخۆ دەدەین و بەڵێنیش دەدەین لەسەر رێبازی نەوشیروان مستەفا بەردەوام دەبین و هیچ لەمپەرێك نامان وەستێنێت". كۆبوونەوەكەی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان لەكاتێكدا دێـت كە رۆژی 7ی ئەم مانگە حزب و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان ( جگە لە بزووتنەوەی گۆڕان كۆمەڵی ئیسلامی) لەگەڵ مەسعود بارزانیدا كۆبوونەوە،و رێككەوتن لەسەر ئەنجامدانی پڕۆسەی ریفراندۆم لە رۆژی 25 ی ئەیلولی ئەمساڵدا.
Comments