دیاردەی لەشفرۆشی لە کوردستان روی لە زیادبوون کردوە
- Admin
- Jun 14, 2017
- 2 min read

لەشفرۆشی ئەگەرچی دیاردەیەکی نامۆیە بە کۆمەڵگای کوردی بەڵام ماوەیەکە لە ھەندێک لە شارەکانی ھەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو لەسەر شەقامەکان بەدیدەکرێت و ئەگەر جاران حاڵەت بووبێت و بە کەمی لە شارەکانی ھەرێم ھەبوبێت ئێستا بۆتە دیاردە و بە ئاوابونی خۆر لەسەر شەقامەکان ژمارەیەک ژن و کچ بە بیانوی فرۆشتنی بنێشت و کلێنیکس و کەرەستەی تر لە ترافیک لایتەکاندا خەریکی کاری لەشفرۆشین. ئەوە دەرکەوتوە کە ئەو ژنانە کاری سەرەکییان فرۆشتنی کەرەستەکانی دەستیان نیە بەڵکو سەرقاڵی پەیداکردنی مشتەری و کاری لەشفرۆشین. دەزگا ئەمنیەکانی ھەرێمی کوردستان تا ئێستا نەیانتوانیوە ئەو دیاردەیە بنەبڕبکەن و ئاماژە بەوە دەکەن یاسایەکیان لەبەردەستدا نیە پشتی پێببەستن و ئەو ژنانە لەکاتی دەستگیر کردنیاندا وەک سەرپێچیکار مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و بە غەرامەیەکی کەم کە لە ١٠ هەزار دینار تێناپەڕێت سزا دەدرێن. ئەندامێکی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی کوردیستانیش دەڵێت بەر لە پەککەوتنی پەرلەمان سەرقاڵى دەرکردنى یاسایەک بوون بەڵام فریاى نەکەوتون. ئاواز حەمید ئەندامی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان دەربارەی ئەو بابەتە ڕاگەیاندوە "ئەو کەسانەی لە پاڵ دەرۆزەکردن و شت فرۆشتن لەسەر شەقامەکان کار و مامەڵەی لەشفرۆشی دەکەن، ئەوانە ئەگەر لەسەریان بچەسپێ پێویستە بە یاسای عێراقی مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت". بەپێى توێژینەوە زانستیەکان لەشفرۆشی بەبێ چاودێری تەندروستی و ئاگاداری لایەنە پەیوەندیدارەکان ھەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ بڵاوبوونەوەى نەخۆشى و چەندین ڤایرۆسی ترسناک کە لە ڕێگەى سێکسەوە دەگوازرێنەوە بەتایبەت نەخۆشى ئایدز. دکتۆرخاڵس قادر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی لەوبارەیەوە بە ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند "بە ڕاستی کاریگەری تەندروستی خراپی هەیە، لەبەر ئەوەی سەرچاوەیەکە بۆ گواستنەوەی نەخۆشیە گوێزراوەکان لەڕیگەی سێکسەوە، بە تایبەت نەخۆشی هەوکردنی جگەر و ئیدز، دواتر گواستنەوەی بۆ هاوسەرەکانیان ، کە ئەوەش دەبێتە مایەی بەردەوامبوون و فراوانتر بوونی نەخۆشییەکە". بەپێی ئەو زانیاریانەى دەست ئێن ئاڕ تى کەوتوون، ئەو کەسانەى لە هەرێمدا لەشفرۆشى دەکەن زۆربەیان لەو ژن و کچانەن کە لە نێوان عیراق و ئێران و سوریادا لە گەڕاندان و ئێستا ژمارەیەکیان لە هەرێمى کوردستاندا نیشتەجێ بوون.
Comments