ڕاگەیەندراوێکی بەپەلە لە کۆمەڵی ئـیسلامی سەبارەت کاراکردنەوەی پەڕلەمان
- Admin
- Jun 14, 2017
- 1 min read

گوتەبێژی کۆمەڵی ئیسلامی رایگەیاند، ئەو پێشنیازەی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان کراوە “دروست نییە”، چونکە دەبێ پەرلەمان بە دەستەیەی سەرۆکایەتییەی ئێستایەوە کارابکرێتەوە.
لە راگەیێندراوێکدا، رێبوار حەمەد، گوتەبێژی کۆمەڵ گوتی “هەموو لایەکمان جەختمان لەسەر بەدیهێنانی کەشێکی تەبایی و ئاشتەوایی لە هەرێمدا دەکردەوە، پێمانوابوو هەنگاوی یەکەم بە کارکردنەوەی پەرلەمان دروست دەبوو، بەڵام بەو شێوازەی کە پێشنیازکراوە، ئەو کەشە نایەتەدی، چونکە دروستە بپرسین گۆڕینی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ؟ ئایا چۆن دوو لایەن حەقی ئەوە بەخۆیان دەدەن کە باس لە بەرکەوتەی لایەنەکانی دیکە بکەن و لەبری ئەوانیش بڕیاربدەن”.
گوتەبێژی کۆمەڵی ئیسلامی راشیگەیاند “پێمانوایە پەرلەمان کارا بکرێتەوە بەو دەستە سەرۆکایەتییەی ئێستای درێژە بە بەرنامە و کۆبوونەوەکانی بدات و پێکەوە هەموومان هەنگاو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی دیکەمان بنێین، لەسەرووی هەموویانەوە چاککردنی بارو گوزەرانی خەڵکی کوردستان”.
کۆمەڵی ئیسلامی لە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان پۆستی سکرتێری پەرلەمانی هەیە، بەڵام سەعدی پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی رایگەیاند، لە دەستەی نوێی سەرۆکایەتیی پەرلەمان یەکێتی مافی خۆی وەردەگرێتەوە، کە مەبەستی پۆستی سکرتێری پەرلەمانە.
لە کۆبوونەوەی رۆژی 13-6-2017ی نێوان مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پارتی رازی بوو پەرلەمان کارابکرێتەوە و د. یوسف محەممەد سەرۆکایەتی یەکەم دانیشتن بکات، پاشان دەستەیەکی نوێ بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەستنیشان بکرێ و گۆڕان کەسێکی دیکە لەجێگەی یوسف محەممەد دابنێت.
Comments