top of page

هەر خێزانێکی شەهیدی دەستی داعش یەک ملیۆن دیناری پێدەدرێت

  • Writer: Admin
    Admin
  • Jun 14, 2017
  • 2 min read

دەزگای خێرخوازی بارزانی بڕی یەک ملیۆن دینار دەداتە هەر خێزانێکی شەهیدی شەڕی دژ بەداعش لە کوردستان کە سەرجەم تێچووەکەی لەلایەن سیروان بارزانی -یەوە دابین دەکرێت. ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 15-6-2017 لە هۆڵی سەعد عەبدوڵلا، دەزگای خێرخوازی بارزانی، رێوڕەسمی هاوکاریکردنی خێزانی شەهیدانی شەڕی دژ بە داعش ساز دەکات، لەو رێوڕەسمەدا دەزگاکە پرۆژەیێکی خۆی رادەگەیێنێت، کە بڕی یەک ملیۆن دینار دەدات بە خێزانی شەهیدانی شەڕی دژ بە داعش. ئیبراهیم سەمین، بەرپرسی راگەیاندنی دەزگای خێرخوازی بارزانی راگەیاند: "ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، دەزگاکە ئێوارەخوانێک بۆ کەسوکاری شەهیدانی هەولێر ساز دەکات و لەوێ پرۆژەکە رادەگەیێندرێت و هەموو شەهیدان دەگرێتەوە بەبێ جیاوازی، سەرجەم تێچووی پرۆژەکە لەلایەن سیروان بارزانییە دابیندەکرێت و تاوەکو جەژنی رەمەزان بەسەر هەموو خێزانی شەهیداندا دابەشدەکرێت".

سەمین روونیکردەوە، کە لیستی ژمارەی شەهیدانیان لە وەزارەتی پێشمەرگە وەرگرتووە، کە 1410 شەهیدە ، لەو ژمارەیەدا 394 شەهید خەڵکی هەولێرن و 444 شەهید خەڵکی دهۆکن و 344 شەهید لە سنووری سلێمانین و لە سنووری گەرمیان و کەرکووکیش 228 شەهیدن. هاوکارییەکە بۆ هەموو شەهیدانە، بەبێ جیاوازی و خۆبەخشە شەهیدەکانیش دەگرێتەوە. بڕی کۆی پارەکە دەکاتە ملیارێک و 410 ملیۆن دینار. بەپێی زانیارییەکان، ژمارەی شەهیدانی شەڕی داعش زیاتر لە 1700 شەهیدە، بەرپرسی راگەیاندنی دەزگای خێرخوازی بارزانی رایگەیاند، کە ئەو لیستە لە وەزارەتی پێشمەرگە وەرگیراوە و هەر شەهیدێک ناوی لە لیستەکە نەبێت، دەتوانێت سەردانی وەزارەتی پێشمەرگە بکات ، ئێمە هاوکارییەکەی پێدەدەین. گوتیشی: "ئەو شەهیدانەی دوو هاوژینیان هەبووبێت، هاوکارییەکە دەدرێت بە هەردووکیان، واتا هەر یەکێکیان ملیۆنێک دیناریان پێدەدرێت". لەو ئێڤێنتەدا کە ئێوارەی پێنجشەممە ساز دەکرێت، جگە لە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆنسوڵ و نوێنەری وڵاتانیش تێدا بەشدار دەبن، بەرپرسی راگەیاندنی دەزگای خێرخوازی بارزانی رایگەیاند، کە کۆمەڵێک بازرگانیش داوەتکراون، بۆ ئەوەی بەشداربن لە هاوکاریکردنی خیزانی شەهیدان. دەزگای خێرخوازی بارزانیش ماوەیەکە هاوکارییەکی تایبەت بەسەر منداڵانی شەهیدان دابەشدەکات، کە هەر منداڵێک 50 دۆلاری پێدەدرێت و ئەو پرۆژەیە بەردەوامە.


 
 
 

Comments


  • ئێمە لە فەیسبوک
  • Facebook Social Icon
  • لێرە ڕیکلام بکە
bottom of page