لە گەرەکی سابونکەرانی سلێمانی تەقە لە هاوڵاتیەک کراو بریندار کرا
- Admin
- Jun 17, 2017
- 1 min read

پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، لە گەڕەکی سابونکەران تەقە لە هاوڵاتییەک کرا و بریندارکرا.
سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند ، کەمێک لەمەوبەر لە گەڕەکی سابونکەرانی شاری سلێمانی شەڕ لەنێوان دوو کەسدا دروستبووە و یەکێکیان تەقەی لەوەی تریان کردووە و برینداری کردووە.
ئاماژەی بەوەش کرد، گوللـەکە بەر قاچی کەوتووە و ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی کراوە.
هەروەها ڕاشیگەیاند، ئەو کەسەی تەقەکەی کردووە هەڵاتووە و لێکۆڵینەوەش لە ڕووداوەکە دەستیپێکردووە.
ئەوەش لەکاتێکدایە بەرەبەیانی ڕۆژى هەینى تەرمى ژنێکى ٢٢ ساڵ لەناو ئۆتۆمبێلێکدا لە چیای ئەزمەڕ دۆزرایەوە و پۆلیسیش دەڵێت، ئۆتۆمبێلەکە و دەمانچەکە کە بەهۆیەوە ژنەکە کۆتایى بەژیانى هاتووە هى مێردەکەیەتى.
بەوتەی پۆلیسی سلێمانی ڕووداوەکە گوماناوییە و دیار نییە ئەو ژنە خۆی کوشتووە یان کوژراوە، پۆلیس و تیمەکانى بەڵگەى تاوان لێکۆڵینەوەیان لە ڕووداوەکە دەستپێکردووە و وتەی مێردى ژنەکە وەرگیراوە. بەپێی ئامارەکانی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ مانگی ئایارى ڕابردوو ٢٤ حاڵەتی کوشتن و ٩ حاڵەتی خۆکوشتن تۆمارکراون کە دەستەکە ھۆکاری حاڵەتەکانی بۆ بەردەوامی قەیرانەکان زۆربوونی دیاردەی چەک ھەڵگرتن گەڕاندوەتەوە.
سۆران عومەر سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت، بێھیوای ھاوڵاتیان لە دادگاکان لە وەرگرتنەوەی مافەکانیان ھۆکارە بۆ ئەوەی خۆیان پەنا بۆ وەرگرتنەوەی مافەکانیان ببەن.
بەپێى ئامارەکانى بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى سلێمانى لەماوەی ھەفتەیەکدا پێشێل کردنی یاسا زیادی کردوە و ئەوە چوارەم حاڵەتی کوژران و گیانلەدەستدانی ھاوڵاتیانە لە سلێمانی جگە لە حاڵەتی تەقەکردن لە هاوڵاتیان و هەوڵدانی کوشتن و بریندار کردن ، رۆژی پێنج شەممە ١٥ی ئەم مانگە ھاوڵاتییەک لە نزیک تەرمیناڵی شارەزور دەستڕێژی گولـلەی لێکراو کوژرا، شەوی دووشەممە کە دەکاتە ١٣ مانگ ھاوڵاتیەک کە پێشمەرگەبوو لە گەڕەکی کازیوە لەناو ماڵەکەی خۆی بەفیشەک کۆتایی بەژیانی خۆی ھێنا، ڕۆژی شەممە ١٠ی مانگیش ژنێک لە گەڕەکی قالاوا بەھۆی دەرچوونی فیشەک لەدەستی میوانێکیان گیانی لەدەستدا.
Comments