کاک مەسعود بۆ وادەکەیت؟
- Admin
- Jun 17, 2017
- 1 min read

عادل باخەوان
لەیادەوەری دەستەجەمعیی کوردیدا، سەربەخۆیی کوردستان ئەو پرسە پیرۆزەیە کە زۆر بەدەگمەن کوردێك لە سەر زەویدا هەیە <ئیمانی> پێی نەبێت و خەونی پێوە نەبینێت. بەڕێز کاک مەسعود، ئایا ئەم پرسە موقەدەسە مێژووییە، ئەوە ناهێنێت کە بەڕێزتان هەموو قوربانیەك لە پێناویدا بدەن؟ ئایا پرسی سەربەخۆیی کورستان، ئەوەندە موقەدەس نیە کە نەك هەر پەرلەمان بەدەستەی سەرۆکایەتی ئێستایەوە کارا بکرێتەوە، بەڵکو لەپێناوی بەدەستهێنانی <کۆدەنگیی نیشتمانی>دا، خودی خۆت ڕێگای گردی زەرگەتە بگریتە بەر و گوێ لە سەرکردەکانی گۆران بگریت و ڕێکەوتنیان لەگەڵ بکەیت؟ هەروەها لەگەڵ بەڕێز عەلی باپیردا کۆببیتەوە و تێبینیەکانی بەهەند وەربگریت؟ بەڕێز کاك مەسعود، تۆ لە مێژووی خۆتدا، لەگەڵ سەدامدا ڕێکەوتنت کردوە! لەگەڵ خومەینی و ئەردۆگاندا ڕێکەوتنت کردوە! لەکاتێکدا هەر یەکێک لەمانە، دەریایەك خوێنیان لەو نەتەوەیە ڕشتوە کە بەڕێزتان دەتانەوێت خەونە موقەدەسەکەی بهێننە دی. بەڵام هیچ کام لە گۆڕان و کۆمەڵ دەستیان بەخوێنی نەتەوەی کورد سورنیە و هێچ کام لەمانە نە سەدامن، نە خومەینی و نە ئەردۆگان. ئەدی بۆچی لەگەڵیان دانانیشی و لەپێناوی بەرژەوەندیە باڵاکانی کوردستاندا، داواکاریە شەرعیەکانیان جێبەجێ ناکەیت؟ گەر من لەجێگای تۆ بومایە، نەك هەر گۆڕان و کۆمەڵ کە نوێنەرایەتی هەزاران هاوڵاتی دەکەن، بەڵکو لەگەڵ تاك بە تاکی کۆمەڵگەی کوردستانیدا دادەنیشتم و هەمو تەنازولێکم بۆ دەکردن، بۆئەوەی لە بیست و پێنجی سێپتەمبەردا، دەنگ بە سەربەخۆیی کوردستان بدەن! کاک مەسعود، کە تۆ ئەمە ناکەیت، خۆت بەدەستی خۆت ئەو پرسیارە لای بەشێکی گرنگ لە هاوڵاتیان دروست دەکەیت کە ئایا هەر بەڕاستی ڕیفراندۆم لەپێناوی سەربەخۆییدایە یان لەپێناوی گوشینی لیمۆی ڕکابەرەکانتدا؟
Comments