قەرزەكانتان دەكرێت بە قیست
- Admin
- Jun 21, 2017
- 1 min read

بەهۆی دواكەواتنی پسوڵەی كارەبای ماڵانەوە، دانیشتووانی سنووری پارێزگای سلێمانی كەوتوونەتە ژێر قەرزێكی زۆری كارەباوەو بەڕێوەبەری گشتی كارەبای سلێمانیش دەڵێت"قەرزەكانیان بۆ دەكەین بەقیست".
سالار حوسامەدین بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای سلێمانی راگەیاند:بەهۆی بایكۆتكردنەكەی ساڵی رابردوو، پڕۆسەی دابەشكردنی پسوڵەی كارەبای ماڵان ماوەیەكی زۆردواكەوت، بەجۆرێك ساڵانی پێشوو خوێندنەوەی كارەبا لەدوو مانگ جارێكدا دەكرا، بەڵام ساڵی 2016 گەیشتە زیاتر لەچوار مانگ جارێك.
ئەو دەڵێت"پڕۆسەی خوێندنەوەی كارەبای ماڵان لەمساڵدا خێراتركراوەو تامانگی پێنج پسوڵەیەك دابەشكراوەو چاوەڕوان دەكرێت لەمانگی ئەیلولیشدا پسوڵەیەكی دیكە دابەشبكرێت. بەڵام ئەوەی پەیوەندی بەكەرتی بازرگانیو پیشەسازییەوە هەیە، پڕۆسەكە خێراترەو بەدوو مانگ جارێك پسوڵەی كارەبا دابەشكراوە".
حوسامەدین ئەوەشی ووت"ئەو هاوبەشانەی كە قەرزی كارەبایان كەڵەكە بووە، ئەوە بەپێی رێژەی قەرزەكانیان بۆیان دەكرێت بە قیست".
ئاشكراشیكرد، ئێستا قەرزی هاوبەشانی كارەبای ماڵانو حكومەتو كەرتی بازرگانیو پیشەسازیی لەسنووری پارێزگای سلێمانی گەیشتۆتە 140ملیار دینار.
Comments