top of page

هەڵوێستە سیاسییەكانی گۆڕان دوای نەوشیروان مستەفا

  • Writer: Admin
    Admin
  • Jun 29, 2017
  • 2 min read

لەو كاتەوەی لە بەرەبەیانی رۆژی 19ی ئایاری ئەمساڵ نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كۆچی دوایی كرد، گوتاری زاڵ لەنێو سەركردەو هەوارادانی ئەو بزوتەوەیە جەختكردنەوەو بەردەوامبوون بووە لەسەر "رێبازەكەی نەوشیروان مستەفا." لەرۆژی بەخاكسپاردنی تەرمی نەوشیروان مستەفا، نوێنەرو سەركردەی زۆرینەی حیزبە سیاسییەكانی كوردستان ئامادەبوون و وتاریان پێشكەش كرد، جگە لە پارتی دیموكراتی كوردستان، بەڵام لە رۆژی پرسەكەدا بەرپرسانی باڵای ئەو حیزبەو نوێنەری مەسعود بارزانی بەشدارییان كرد و چەند رۆژێك دواتریش نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی ئارامگەی نەوشیروان مستەفای لە گردی زەرگەتەی سلێمانی كرد. بەشێك لە چاودێران پێیان وابوو ئەو هەنگاوە بەستەڵەكی پەیوەندییەكانی گۆڕان و پارتی دەتوێنێتەوە، بەڵام پێشهاتەكانی دواتر قسەیەكی دیكەیان كرد. جموجۆڵە سیاسییە فەرمییەكانی گۆڕان لەدوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا لەرێكەوتی 10ی حوزەیران بە كۆبوونەوەی جفاتی نیشتمانی ئەو بزوتنەوەیە دەستی پێكرد، تێیدا وەڵامی راگەیاندنی وادەی ئەنجامدانی ریفراندۆمیان دایەوە لەو كۆبوونەوەیەی 7ی حوزەیران كە بەبێ بەشداربوونی نوێنەری گۆڕان و كۆمەڵ بڕیاردرا رۆژی 25ی ئەیلول ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی لەهەرێمی كوردستان ئەنجامبدرێت. بەپێی ئەو بەلاغەی شۆڕش حاجی وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان دوای تەواوبوونی ئەو كۆبوونەوەیە خوێندیەوە، بزووتنەوەی گۆڕان جەختی لەوەكردووە، "نابێت ریفراندۆم بۆ تێپەڕاندنی داهاتی نەوت و گرێبەستە گوماناوییەكان بەكاربهێنرێت كە گرێبەستەكەی رۆسنەفت دواهەمینیانە و پێویستە چاكسازیی ریشەیی لە بواری داراییدا بكرێت." ئاماژەی بەوەشكردبوو، "پێویستە كۆتایی بەقۆرغكاری بهێندرێت و ئەو پڕۆسەیەی پارتی و هاوئاوازەكانی دەستیان پێكردووە پڕۆسەیەكی حزبی و نا یاساییە، نابێت پرسی ریفراندۆم بۆ بەرژەوەندی شەخسی و حزبی بەكاربهنرێت و بكرێتە دەستكەوتی تاكە حزب و تاكە بنەماڵە و تاكە كەس". دواتر و لەرۆژی 14ی حوزەیراندا، پارتی دیموكراتی كوردستان پێشنیارێكی نوێی خستەبەردەم بزوتنەوەی گۆڕان بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان و گەڕاندنەوەی یوسف محەمەد بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان كە لە 12ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2014ەوە هیچ كۆبوونەوەیەكی ئەنجام نەداوە. بەڵام هەر زوو بزوتنەوەی گۆڕان ئەو پێشنیارەی پارتی دیموكراتی كوردستانی بۆ "كاراكردنەوەی مەرجداری" پەرلەمان رەتكردەوە. شۆرش حاجی لەوبارەیەوە رایگەیاند، "ئاساییكردنەوەی بارودۆخەكە بە دەستبەكاربوونەوەی مەرجداری پەرلەمان لای ئێمە قبوڵكراو نییە. چونكە هۆكاری سەرەكی ئیفلیجكردنی پەرلەمانی كوردستان دەستەی سەرۆكایەتییەكەی نییە، بەڵكو كۆتاییهاتنی وادەی سەرۆكایەتی هەرێم ‌و هەوڵی پەرلەمان بو بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم." 23ی حوزەیران، بۆ یەكەم جار لە دوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، سەكردایەتی هاوبەشی یەكێتی نیشتمانی و بزوتنەوەی گۆڕان ئەنجامدرا. لەو كۆبوونەوەیەدا سەركردایەتی یەكێتی‌ و گۆڕان رایانگەیاند، "پێویستە پاش ئاساییكردنەوەی پەرلەمان، ئامادەكاری تەواو بكرێت بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم بە مەبەستی سەربەخۆیی، بەبەشداری ناوچە دابڕێنراوەكانیش". هەروەها جەختیان لەسەر جێبەجێكردنی رێككەوتنامەی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی لەسنوری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین كردووەتەوە. هەروەها دوای تەوابوونی مەراسیمی کۆتاییهاتنی پرسەی نەوشیروان مستەفادا، شۆڕش حاجی وتەبێژی بزوتنەوەی راگەیاند، "تۆزقاڵێك لە رێبازەكەی نەوشیروان مستەفا لانادەین و بەردەوام دەبین، پەیمان بەخەڵكی كوردستان دەدەین وەفادار دەبین بۆ ئەو متمانەو ئومێدەی خەڵك بەكەسایەتی كاك نەوشیروان و پەیام و بەرنامە سیاسیەكەی و بەڵێن دەدەین درێژەپێدەری رێبازەكەی بین، تا گەیشتن بەئاواتەكانی كاك نەوشیروان بۆ هێنانە كایەی كۆمەڵگەیەكی تەندروست بۆ ئێستاو نەوەكانی داهاتوو". هەرچەندە 40 رۆژ تێدەپەڕێت بەسەر كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا رێكخەرو دامەزرێنەری بزوتنەوەی گۆڕان، بەڵام تا ئێستا ئەو بزوتنەوەیە هیچ كەسێكی وەك رێكخەری نوێ و كەسی یەكەم دیاریی نەكردوەو لە ئێستادا جڤاتی نیشتمانی و گشتیی و دەستەیەكی راوێژكاریی كە لە 10 كەس پێكهاتووە كاروبارەكانی بزوتنەوەكە بەڕێوە دەبەن.

نه‌وشیروان مسته‌فا ساڵی 1944 له‌گه‌ڕه‌كی سه‌رشه‌قام-ی سلێمانی له‌دایكبووه‌، قۆناغه‌كانی خوێندنی هه‌ر له‌سلێمانی ته‌واوكردووه‌، و ساڵی 1967 كۆلێژی زانسته‌ سیاسییه‌كانی له‌ زانكۆی به‌غدا ته‌واو كردووه‌، سه‌ره‌تای حه‌فتاكان چووه‌ته‌ نه‌مسا و ماسته‌ری له‌یاسای نێوده‌وڵه‌تی له‌ نه‌مسا خوێندووه‌.


 
 
 

Comments


  • ئێمە لە فەیسبوک
  • Facebook Social Icon
  • لێرە ڕیکلام بکە
bottom of page