به‌هۆی هاتنی گه‌شتیارانی عه‌ره‌به‌وه بۆ سلێمانی بازاڕی دۆلاره‌كه هۆشداریده‌دات
- Admin
- Jul 1, 2017
- 1 min read

به‌هۆی هاتنی ڕێژه‌یه‌كی زۆر له‌گه‌شتیاری عه‌ره‌ب بۆ شاره‌كه، بازاڕی دۆلاره‌كه‌ی شاری سلێمانی هۆشداریده‌دات له‌وه‌ی مه‌ترسی بڵاوبونه‌وه‌ی دراوی ساخته‌ی 50 هه‌زار دیناری هه‌یه، له‌په‌یامێكیشدا بۆ هاوڵاتیان، بازاڕی دۆلاره‌كه شێوازی پاره ساخته‌كه‌و ئه‌سڵیه‌كه ئاشكراده‌كات، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی سلێمانیش ئاماژه به‌وه‌ده‌كات، "تائێستا هیچ حاڵه‌تێكی له‌و شێوه‌یه تۆمارنه‌كراوه‌و هیچ كه‌سیش سكاڵای تۆمارنه‌كردوه".
به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیاریانه‌ی له‌بازاڕی دۆلاره‌كه‌ی شاری سلێمانیه‌وه تایبه‌ت به دراوه، به‌هۆی هاتنی ڕێژه‌یه‌كی زۆر له‌گه‌شتیاری شاره‌كانی ناوه‌ڕاست و خواروی عیراق بۆ سلێمانی، مه‌ترسی بڵاوبونه‌وه‌ی دراوی جۆری 50 هه‌زار دیناری هه‌یه. سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌بازاڕی دۆلاره‌كه‌وه ئه‌وه‌ی بۆ ڕاستكرده‌وه، "ئێمه نه‌مانوتوه دراوی ساخته‌ی 50 هه‌زار دیناری بڵاوبۆته‌وه، به‌ڵكو هاوڵاتیانمان ئاگاداركردۆته‌وه كه چاو كراوه‌بن و ئه‌گه‌ری بڵاوبونه‌وه‌ی هه‌یه". جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه، تائێستا هیچ جۆره دراوێكی ساخته له‌لایه‌ن گه‌شتیارانی عه‌ره‌به‌وه له‌سلێمانی بڵاونه‌بۆته‌وه، به‌ڵكو "ته‌نها هۆشداریمانداوه". ئه‌و سه‌رچاوه‌یه ئه‌وه‌شی ڕونكرده‌وه، دراوه ساخته‌كه ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌ی نییه كه دراوه عیراقیه‌كه هه‌یه‌تی، وه‌كو ئه‌و وتی:"بۆ نمونه ئه‌و وه‌ره‌قه‌یه‌ی پاره‌كه‌ی له‌سه‌ر ساخته‌كراوه وه‌ره‌قه‌یه‌كی سفته، پێچه‌وانه‌ی پاره ئه‌سڵیه‌كه كه گرنج گرنجه". ئه‌وه‌شی وت:"هاوكات له‌سه‌ر ئه‌و وه‌ره‌قه‌یه‌ی پاره‌كه‌ی له‌سه‌ر ساخته‌كراوه ئه‌و سیمه‌ی له‌سه‌ریه‌تی، فسفۆڕ نییه، وه‌كو چۆن له‌پاره ئه‌سڵیه‌كه‌دا فسفۆڕه، هاوكات نایلۆنێكی ڕون له‌پاره ئه‌سڵیه‌كه‌دا هه‌یه كه له‌هه‌ردوو دیوه‌كه‌ی نوسراو‌و هێما هه‌یه، به‌ڵام له‌ساخته‌كه‌دا ته‌نها له‌دیوێكیان نوسراو یان هێما هه‌یه". له‌لایه‌كی تریشه‌وه نه‌قیب سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د وته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئه‌وه‌ی بۆ پشتڕاستكرده‌وه،"هیچ حاڵه‌تێكی بڵاوبونه‌وه‌ی دراوی ساخته به‌هۆی گه‌شتیارانی عه‌ره‌به‌وه تۆمارنه‌كراوه‌و هیچ كه‌سێكیش سكاڵای تۆمارنه‌كردوه".
Comentários