top of page

وردەكاری كوژرانی كچە تەمەن 17 ساڵەكە بڵاودەكاتەوە

  • Writer: Admin
    Admin
  • Jul 4, 2017
  • 1 min read

وژرانی ڕۆژین سەفەر-ی تەمەن 17 ساڵ لەدرەنگانی شەوی ڕابردووداو لەنێو ماڵەكەی خۆیان، كاردانەوەی لێدەكەوێتەوەو پۆلیسی توندوتیژی ژنانی قەزای سۆرانیش، وردەكاری ڕووداوەكە ئاشكرادەكات و ڕاشیدەگەیەنێت: ڕووداوەكانی كوشتنی ژنان بەهۆی كێشەی خێزانی و داراییەوە ڕوویان لەزیادبوون كردووە.

شێروان خالید، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی ژنانی سۆران ڕاگەیاند: كاتژمێر 11:40 خولەكی شەوی ڕابردوو، نەخۆشخانەی سۆران لە رووداوێكی كوشتن ئاگاداری كردینەوە، كە كچە خوێندكارێكی تەمەن 17 ساڵ لەماڵەكەی خۆیان، بە چەقۆ كوژراوە.

وتیشی:" پەڕاوی لێكۆڵینەوەمان بۆ ڕووداوەكە كردۆتەوەو تەرمەكەش ڕەوانەی پزیشكی دادی هەولێر كراوە، تا پشكنین بۆ جەستەی كچەكە بكرێت، تا ئێستاش تاوانباری روداوەكە دیارنییە".

خانەوادەكەی گومانیان لەكەس نییە

بەوتەی شێروان خالید، ئەو ڕووداوە لەكاتێكدا ڕوویداوە، نەنكی ئەو كچە لەئێران كۆچی دواییكردووەو سەرجەم ئەندامانی خێزانەكەشی بۆ هێنانەوەی تەرمی كۆچكردووەكەیان، ڕۆیشتوون و كچەكەیان بەتەنها لەماڵ بووە، دەشڵێت: "بەسەر رووداوەكە هاتونەتەوەو سەرەڕای ئەوەی كێشەی كۆمەڵایەتیشیان نییە، گومانیان لەسەر كەس نییە كە ئەو كارەی ئەنجامدابێت".

پەنجەمۆری بكوژەكە هەڵگیراوەتەوە

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی ژنانی سۆران ئاشكرایكرد: بۆ دۆزینەوەی تاوانباری ڕووداوەكە، كار لەسەر كامێرای چاودێری دەكەین، بەڵام بكوژەكە لەكامێراكانەوە دەرنەكەوتووە، لەگەڵ ئەوەشدا پەنجەمۆری شوێنی ڕووداوەكەمان هەڵگرتۆتەوە، تەرمی كچەكەشمان ڕەوانەی پزیشكی دادی كردووەو چاوەڕوانی پشكنینەكان دەكەین بۆئەوەی كاری زیاتری لەسەر بكەین".

وتیشی:" لەپشكنینەكانیش دەردەكەوێت چی بەسەر ئەو كچە هاتووە".

دوو چەقۆ لەگەردنی دراوە

شێروان خالید، لەبارەی شوێنی تەرمەكە، ئاماژەی بەوەدا كە كچەكە لەماڵی خۆیان و جلی ماڵەوەی لەبەردابووە، وتی:" ئاسەواری لێدان لەسەر قۆڵی ڕاستی كچەكە دەركەوتووە، بۆیە پێدەچێت بەر لەكوشتنی هێرشی كرابێتەسەرو ئازار درابێت، ڕوداوەكەش بەچەقۆی ماڵی كچەكە ئەنجامدراوەو رووداوێكی پیلان بۆ دارێژراو نەبووە، دوو چەقۆ لەگەردنی دراوەو دوو چەقۆش لەسكی دراوە".

هۆكارەكانی زۆربوونی كوشتن ئاشكرادەكات

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی ژنانی سۆران، ئاماژەی بەهۆكارەكانی زیادبوونی كوشتنی ژنان كردو وتی:" لەماوەی ڕابردوودا ڕووداوەكانی كوشتن ڕوویان لەزیادبوون كردووە، كێشەی خێزانی و دارایی و كوشتنی ژن لەسەر ناموس، هۆكاری سەرەكین بۆ زیادبوونی توندوتیژی و كوشتنی ژنان".


 
 
 

Comments


  • ئێمە لە فەیسبوک
  • Facebook Social Icon
  • لێرە ڕیکلام بکە
bottom of page