top of page

وەزارەتی تەندروستی لەبارەی گەرماوە ڕێنمایی بڵاودەکاتەوە

  • Writer: Admin
    Admin
  • Jul 4, 2017
  • 2 min read

وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم، راگەیاندراوێك لەبارەی كاریگەری ئەو شەپۆلە گەرمایە لەسەر تەندروستی هاوڵاتیان بڵاودەكاتەوەو داواشیان لێدەكات پەیڕەوی رێنماییە تەندروستییەكان بكەن لەپێناو دوچارنەبوون بە (خۆر لێدان).

لەو راگەیاندراوەدا، كە د. رێكەوت حەمە رەشید وەزیری تەندروستی، لە ئەكاونتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردۆتەوە، داوا لە هاوڵاتیان كراوە لە كاتژمێر یەكی نیوەڕۆ، تا چواری عەسر، خۆیان بەدوور بگرن لە چوونە بەر خۆر بۆ هەر مەبەستێك بێت.

دەقی راگەیاندراوەكە:

ڕاگەیەندراوێك لە وەزارەتی تەندروستی ...

بە هۆشیاری ڕەفتاركردن ، سەلامەت دەبین لە كاریگەری شەپۆڵەكانی گەرما

بەرزبونەوەی پلەی گەرما و شەپۆڵە یەك لەدوای یەكەكانی گەرما، جگە لە هەراسانكردن و نائارامی، مەترسیەكی زاندراوی تەندروستی گشتیە و كاریگەری تەندروستی جۆراو جۆری هەیە لە بورانەوە ، پەڵەی پێست و ژانی ماسوڵكە ، لەگەڵ شەكەت بوونی گەرما و خۆرلێدان .

سەرەتای كاریگەری گەرما ، بە ئارەقكردنێكی زۆر ، ناڕەحەت بوون ، بێ هێزی ، گێژبوون ، سەر ئێشە ، ژانی ماسوڵكەكان، دەست پێدەكات ، دواتر دەبێت بە هێڵنج و ڕشانەوە و هەستكردن بە بورانەوە ( شەكەت بوون بە گەرما ) ، دواتر ئەگەر چارە نەكراو بەردەوام بوو دەچێتە قۆناغی لەناكاوی پزیشكی ، كە مەترسیدار و كوشندەیە ( ئەگەر زوو چارە نەكرێت ) پێی دەگوترێت ( خۆر لێدان )، لەم قۆناغەدا كەسەكە چیتر ئارەقە ناكات ، لاشەی ووشك و گەرم و سوور دەبێتەوە، ئاگا لەخۆبوونی نزم دەبێت و دەچێتە قۆناغی بێ هۆشی و هەناسەسواری .

زۆر گرنگە لەگەڵ گەرما بوون ، ئەو نیشانانە زوو بناسینەوە و چارەی بكەین لە شوێنی خۆمان یان سەردانی فریاكەوتنەكان بكەین لە كاتی پێویست .

هەمووان مەترسی تووشبوون بە زیانەكانی گەرمایان هەیە بەڵام منداڵ و بەساڵاچووان و ئەوانەی نەخۆشیە درێژخایەنەكانیان هەیە، مەترسیان زیاترە ، چاودێریكردنی زیاتریان پێویستە لە كاتە گەرمەكاندا.

بۆ خۆپاراستن ڕەچاوی ئەم ڕێنماییانە بكە :-

كاتژمێر یەكی نیوەڕۆ تا چواری عەسر، خۆت بەدوور بگرە لە چوونە بەر خۆر بۆ هەر مەبەستێك بێت .

ئاو و شلەمەنی زیاتر بخۆوە

ڕۆژانە جارێك خۆت بشۆ

خواردنی میووە زیاد بكە و دوور كەوە لە خواردنە تیژەكان

جل و بەرگی ڕەنگ كاڵ و تەنك و فراوان لەبەر بكە

هەوڵدە لەشوێنە سێبەر و فێنكەكان بمێنیتەوە

كاتێك كەسێك تووشی شەكەت بوون یان خورلێدان دەبێت گرنگە دەست بەجێ هاوكاری بكەیت بە :-

بیگوازەووە شوێنێكی سێبەر و فێنك

هەوڵی ساردكردنەوەی بدە بەڕێگەی تەڕكردنی یان داپۆشینی بە پەڕۆیەكی تەڕ

بڕێك ئاوی ساردی پێبدە

ئەگەر ، زۆر گەرم ببوو و نزیك بێ هۆشبوون بوو ، دەكرێت پارچەی بچوكی بەفر لەژێر باڵی دابنێیت، لەشوێنێكی سێبەر و فێنك چاودێری بكە تاوەكو دەیگەیەنیت بە نزیكترین نەخۆشانەی فریاكەوتن، یان پەیوەندی بكە بە هێڵی فریاكەوتنی خێرا 122


 
 
 

Comments


  • ئێمە لە فەیسبوک
  • Facebook Social Icon
  • لێرە ڕیکلام بکە
bottom of page