top of page

گۆڕان بەرپرسێک بە نا شەرعی دادەمەزرێنێ

  • Writer: Admin
    Admin
  • Aug 22, 2017
  • 2 min read

پاش ئەوەی هەوڵەکانی گۆڕان لە پەڕلەمانی کوردستان سەرکەوتوو نەبوون لە هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم، ئەنجومەنی شورا بە بڕیارێکی یاسایی بڕیاری درێژ کردنەوەی وادەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی دەرکرد بۆ ماوەی دوو ساڵ بە هەموو ئەو دەسەڵاتانەی کە هەیەتی، بەڵام گۆڕان سەرباری رەتکردنەوەی بڕیاری ئەنجومەنەکە، بارزانیشی بە سەرۆکێکی نا شەرعی وەسف دەکات، کەچی ئەو بزوتنەوەیە دەیەوێت لە رێگەی ئەنجومەنی شوراوە بەرپرسێکی دابمەزرێنێ.

بزوتنەوەی گۆڕان چاوەڕوانی ئەنجومەنی شورای هەرێم دەكات بۆ پەسەندكردنی سەركەوت حەسەن وەك پارێزگاری نوێی سلێمانی، سەرۆكی ئەنجومەنی شوراش رایدەگەیەنێت: نوسراوەكەی وەزارەتی ناوخۆ دیراسە دەكەین و هەركاتێكیش گونجاو بێت، كۆبوونەوەی لەسەر دەكەین.

حاكم شوان محێدین، سەرۆكی ئەنجومەنی شورای هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە: نوسراوەكەی وەزارەتی ناوخۆمان بەدەستگەیشتووە كە داوایانكردووە رای خۆمان لەسەر دانانی سەركەوت حەسەن كاندیدی گۆڕان وەك پارێزگاری سلێمانی دەرببڕین و نوسراوەكەمان بەسەر ئەندامانی ئەنجومەنی شورا دابەشكردوووە، بۆئەوەی دیراسەی بكەن.

حاكم شوان محێدین وتیشی:” دوای ئەوەی نوسراوەكە دیراسە كرا، هەروەك كەیسەكانی دیكە رۆژێكی بۆ دادەنرێت بۆئەوەی گفتوگۆی لەسەر بكرێت”، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ وادەیەكمان نییە، هەركاتێك گونجاو بێت و لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنەیشەوە دیراسەكرا، كۆبوونەوەی لەسەر دەكەین”.

لە بەرامبەردا شوان حاجی چاودێری سیاسی دەلێت: لەکاتێکدا گۆڕان بڕیاری ئەنجومەنی شورای هەرێم کە گەورە بڕیاردەری یاسایی هەرێمە لە دوای پەڕلەمان بە تایبەت لە کاتی غیابی سەرۆکی پەڕلەمان کە ئەو کات بڕیاری درێژ کردنەوەی وادەی سەرۆکایەتی هەرێمی بۆ بارزانی درێژ کردەوە یوسف محەمەد لە سلێمانی بوو، بە ناشەرعی وەسف دەکات و پابەندی بڕیارەکانی نابێ، کەچی چاوەرێی بڕیاری هەمان ئەنجومەنە بۆ دامەزراندنی بەرپرسێکی خۆی.

دەشلێت: لەبەر ئەوەی کارەکە لە بەرژەوەندی خۆیانە، پابەندی بڕیارەکەی ئەنجومەنی شورا دەبن و چاوەرێی بڕیارەکانیشی دەکەن، لەکاتێکدا گۆڕان نەیتوانی بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردنی ٢٠١٣ کە پۆستی پارێزگاری سلێمانی مافی خۆی بوو وەربگرێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەردەوام بانگەشە دەستاودەست کردنی دەسەلات دەکەن.

ئەو چاودێرە سیاسیە دەشلێت: ئەگەر بێتو گۆڕان پابەندی بڕیاری ئەنجومەنی شورا بێت بۆ دانانی سەرکەوت حەسەن وەکو پارێزگاری سلێمانی، کەواتە دووبارە دەیسەلمێننەوە کە حزبی چەواشەکارین و بۆ بەرژەوەندی خۆیان پابەندی بڕیارە ناشەرعیەکانیش دەبن.


 
 
 

Comments


  • ئێمە لە فەیسبوک
  • Facebook Social Icon
  • لێرە ڕیکلام بکە
bottom of page